مـاڵـپـه‌ڕی تـەق تـەق: بە سەرمایەی 1.6 ملیار دۆلار شارێکی گەشتیاری لە دووکان دروستدەکرێت
          هه‌میشه‌ زانیاری و هه‌واڵی زیاتر ..                

بە سەرمایەی 1.6 ملیار دۆلار شارێکی گەشتیاری لە دووکان دروستدەکرێت


لە قەزای دووکان-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی شارێکی گەشتیاری گەورە بە سەرمایەی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێت. پڕۆژەکە توانای وەرگرتنی گەشتیار لە 100 ھەزارەوە بۆ یەک ملیۆن گەشتیار زیاددەکات، ھەلیکاریش بۆ 26 ھەزار کەس دەڕەخسێنێت.

رۆژی یەکشەممە 29-7-2018 مەراسیمێک بۆ ناساندنی گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاریی لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، کە دروستکردنی شاری گەشتیاری دووکانە لەسەر رووبەری سێ هەزار و 250 دۆنم زەوی.

سەرمایەی پڕۆژەکە ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلارە، کە لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق و کۆمپانیای ئەعماری ئیماراتییەوە جێبەجێدەکرێت.

لەکاتی بەشداریکردنی لە کردنەوەی پڕۆژەکە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئێمە وەکو حکومەت ئەولەوییەتمان کردووە بە کەرتی گەشتیاریی. ئەوەش لەبەر دوو ھۆکار؛ یەکەم سەرچاوەی داراییە و دووەمیش ھەلیکار بۆ خەڵک دابیندەکات".

شاری گەشتیاریی دووکان، لە ساڵی 2013ـەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دروستکردنی داوە، بەڵام کێشەی موڵکایەتی و قەرەبوونەکردنەوەی خاوەن زەوی و موڵکەکان، کارەکانی سستکردووە.

فارووق مەلا مستەفا، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق بە وتی "لە پڕۆژەکەد سەدان شووققە، خانوو، ڤێلا و دوو تەلەفریک و جزیرەیەک و دەیان شوێنی سەرنجڕاکێش دروستدەکرێن".  

بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە توانای وەرگرتنی گەشتیار لە 100 ھەزار کەسەوە بۆ یەک ملیۆن گەشتیار لەنێو ھاوینەھەواری دووکاندا زیاددبێت، ھەلیکاریش بۆ 26 ھەزار کەس دەڕەخسێنێت.

نەورۆز مەلوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان دەڵێت "پلانی ئێمە بۆ گەشتیاری 10 ساڵ جارێکە. بۆ دووکانیش سێ ماستەر پلانمان ھەیە کە لەوانە ئەو پڕۆژەی گرووپی کۆمپانیاکانی فارووقە، کە پڕۆژەی هاوبەشی کەرتی گشتیی و تایبەتە".

مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان دەڵێت "وەک چۆن لە کەرتی پیشەسازییدا ئێمە بووین بە دابینکاری لە 30%ی پێداویستی عێراق، بەم پڕۆژەیەش دەتوانین ببین بە بەدیلی گەشتیاری بۆ تورکیا و ئێرانیش".

ئەوەی تاوەکو ئێستا لە پڕۆژەکەدا کراوە کڕینی ھۆتێل ئاشووری گەشتیارییە کە 200 دۆنمە. هەروەها 100 دۆنم زەوی دیکە لە ناوی خەڵکەوە کراون بەناوی فارووق گرووپەوە.

Source - Rudaw 

.





ڤیدیۆ... ده‌رباره‌ی شارۆچكه‌ی ته‌ق ته‌ق