بارانبارینى زۆر و نەخۆشى زیانى زۆرى بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى شارۆچکەى تەق تەق گەیاندوە
كارۆخ ئەم ساڵ
دڵخۆش بوو كە باخە هەنجیرەكەی بەرێكی زۆری گرتووە، چاوەڕوان بوو قەرەبووی ئەو
زیانانەى بۆ بكاتەوە كە بەهۆی زۆری باران بارینەوە لەوەرزی بەهاردا بە
بەرووبومە كشتوكاڵیەكانی دیکەى كەوتبوو، بەڵام
پێش پێگەیشتن و زەردبوون و بەهۆی نەخۆشیەوە
هەر بەكاڵی بەری هەنجیرەكەی كەوتە خوارەوە و بەدەردی بەروبومەكانی تری چوو.
هەر بەتەنها باخە هەنجیرەكەی ئەم جوتیارە
نییە كە توشی نەخۆشی هاتبێت بەڵكو زۆربەى بەرووبوم و باخى هەنجیر و قەیسی و
جۆرەكانی تری میوەی جوتیاران، ئەم ساڵ دوور نەبووە لە ئافات و دەردە كشتوكاڵیەكان
بەتایبەت نەخۆشیەكانی وەكو حەشەری و ڤایرۆسی و نەخۆشیە كەڕوەكان، جوتیارانیش
لەگیرفانى خۆیان دەرمانى تایبەت بەچارەسەرى نەخۆشییەکان دەکڕن.
ئەم
جوتیارە بۆ ئەم ساڵ زەویەکەى بە
گوڵە بەڕۆژە چاندوە، بەڵام كێشەکەی ئەم جگە لە نەخۆشی، خواردنی بەرهەمەکەیەتى
لەلایەن چۆلەکەوە، بۆیە لەبری بەكارهێنانی دەرمان سەرجەم گوڵە بەڕۆژەكانی بە
پەڕۆ پێچاوە.
بەرپرسانى
کشتوکاڵى تەق تەق نایشارنەوە کە ناتوانن وەک پێویست هاوکارى جوتیاران و تەنانەت
سەردانى مەیدانی بۆ كێڵگە كشتوكاڵیەكانیش بكەن، ئەوەش بەهۆى نەبوونى بەنزینەوە بۆ
ئۆتۆمبیلەکانیان.
لە سنوری تەق تەق نزیكەی سێ هەزار جوتیار
هەیە و ڕووبەری شیاو بۆ چاندن بە زیاتر لە ١١١ هەزار دۆنم زەوی دەخەمڵێنرێت،
ساڵانەش بەشێک لە بەرهەمە كشتوكاڵیەكانی سنورەكە بۆ
شارەكانی تری هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراق هەناردە دەكرێت.
Source - NRT