لە کۆیە بە بەتانى چاڵ و چۆڵى شەقامەکان پڕدەکرێتەوە
ئەم هاوڵاتییە
کە رێگەیەکى جیاوازى بۆ پڕکردنەوەى چاڵى ئەم شەقامە بەکارهێناوە، دەڵێت بەهۆى
نۆژەننەکردنەوەى شەقامەکە و پڕنەکردنەوەى چاڵەکان بیرۆکەى ئەوەى بۆهاتووە کە
بەبەتانى چاڵەکە پڕ بکاتەوە و وەک خۆى باسیدەکات بەهۆى کارەکەیەوە ئۆتۆمبیلەکان
بەبێ کێشە بەشەقامەکەدا تێپەڕدەبن.
ئەو شەقامەی کە چاڵەکەی تێدابوە و بە
بەتانی پڕکراوەتەوە بە شەقامی حاجی قادری کۆیی ناسراوە، کە شاعیرێکی ناسراوی کوردە.
لەم
شەقامەدا کە پانیەکەى نزیکەى هەشت مەترە و درێژییەکى کەمتر لەیەک کیلۆمەترە،
چەندین چاڵی تر بونیان هەیە کە بەهەمان شێوە بەبەتانى پڕکراونەتەوە.
سەرۆکی شارەوانی کۆیە دەڵێت، لەگەڵ
نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر خەتن تا قەرەبووی ئەو خاوەن موڵکانە بکرێتەوە
کە دەکەونە ناو پڕۆژەى دوسایدکردنى شەقامەکانەوە، تا پڕۆژەکە بخرێتە بوارى
جێبەجێکردنەوە.
لە سنوری قەزای کۆیە هەر بەتەنها شەقامى
حاجی قادری کۆیی نیە کە چاڵ و چۆڵی تێدایە، بەڵکو زۆربەی شەقامەکانی ناو شار و
ڕێگاکانی دەرەوە بەشێوەیەک تێکچون کە هاوڵاتیانی سنورەکە لە ڕێگەی خۆپیشاندان و
کاری هونەرییەوە ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە.
Source - NRT