مـاڵـپـه‌ڕی تـەق تـەق: هەولێر و بەغدا بۆ کردنەوەی رێگەی هەولێر-کەرکووک لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن
          هه‌میشه‌ زانیاری و هه‌واڵی زیاتر ..                

هەولێر و بەغدا بۆ کردنەوەی رێگەی هەولێر-کەرکووک لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن


ئەمڕۆ هەردوو شاندی پارێزگای هەولێر و لیژنەی تەکنیکی بەغدا لەبارەی کردنەوەی رێگەی نێوان هەولێر - کەرکووک کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە دەڵێن، رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ کردنەوەی رێگەکە و رۆژی یەکشەممەی داهاتووش کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا ئەنجامدەدرێت.

بەگوتەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، نۆژەنکردنەوەی پردی پردێ لەسەر رێگەی هەولێر - کەرکووک نزیکەی یەک ملیار دیناری پێویستە و هەشت مانگیش دەخایەنێت بەڵام پێشنیازی دانانی پردی ئاسن کراوە.

ئەندامانی شاندی هەولێر دەڵێن، لەسەر کردنەوەی رێگەکە رێککەوتوون و بەشێوەیەکی کاتیش حکومەتی هەرێمی کوردستان پردی ئاسن بۆ هاتووچۆ دروستدەکات.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لەسەر چەند پرسێک رێککەوتن بۆ کردنەوەی رێگەی کەرکووک - هەولێر کراوە و بەدوو قۆناخ رێگەکە دەکرێتەوە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، قۆناخی یەکەم  لەماوەی 20 رۆژدا حکومەتی هەرێمی کوردستان سایدێکی رێگەکە بە پردی ئاسن چاکدەکاتەوە و دواتر هەردوو سایدەکە دەکرێنەوە.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاری کۆتایی لەبارەی سەرجەم پرسەکان نەدراوە، بەڵام بەگوتەی ئەندامانی شاندەکە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا، کە رۆژی یەکشەممە لە بەغدا دەبێت، لەسەر پرسی بازگەکان گفتوگۆدەکەن.

فەرهاد نیعمەتوڵڵا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند "لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق لەسەر لە 75%ی ی رێوشوێنەکانی کردنەوەی رێگەکە رێککەوتووین، ئەوەی ماوەتەوە لە کۆبوونەوەی داهاتوو رێککەوتنی لەسەر دەکەین، بەتایبەت گومرگ و کردنەوەی بازگەکان".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پردی سایدی هاتن لە کەرکووکەوە بەتەواوی کەوتووە و دەبێت سەرلەنوێ دەرخستەی بۆ بکرێتەوە، کە نزیکەی یەک ملیار دیناری پێویستە و رەنگە حکومەتی عێراق بوودجەکە دابینبکات. گوتیشی "ئێمە وەک هەرێمی کوردستان بڕیارمانداوە بەشێوەیەکی کاتی بە ئاسن سایدی چوون و هاتن چاکبکەینەوە بۆ ئەوەی رێگەکە بکرێتەوە".

بەگوتەی ئەندامانی شاندی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی بەغدا گوتوویانە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر کردنەوەی رێگەکە داوە.

لیوا سالار تەیموور، فەرماندەی پێشمەرگە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە رایگەیاند "هێزەکانی پێشمەرگە لە جێگەی خۆیان دەمێننەوە و رێگەنادەن کە هێزە عێراقییەکان بێنە پێشەوە و بەتایبەت پردەکە تیپەڕێنن".

هاوکات راکان جبووری، پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وەک سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک بەشداری کۆبوونەوەی راوێژکاری هاوبەشی نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە کە لە بارەگای پۆلیسی فیدراڵی لە شاری کەرکووک بەڕێوەچووە، ئەوەش لەژێر رۆشنایی راسپاردەی حەیدەر عەبادی بە مەبەستی کردنەوەی رێگەی کەرکووک- هەولێر.

بەگوتەی پارێزگاری کەرکووک "بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تەماشای راپۆرتی تەکنیکی زیانەکانی پردەکەیان کردووە، کە رەنگە لەماوەی کەمتر لە مانگێدا چاکبکرێتەوە و باسی ئەوەکراوە سەرەتا پردێکی کاتی ئاسن دروستبکرێت بۆ ئاسانکاری هاتووچۆی هاووڵاتییان، تاوەکو ئەو ماوەی پردەکە چاکدەکرێتەوە". 

شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە فەرهاد نیعمەتوڵڵا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا. لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لیوا سالار بریفکانی، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە، هونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبان و پردەکانی هەولێر. 

شاندی بەغداش پێکهاتوون لە فەریق محەممەد شەممەری، نوێنەری ناوەندی نیشتمانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیوا روکن عەبدولحوسێن لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا شاکر کوین، فەرماندە لە پۆلیسی فیدراڵی، راکان سەعید جبووری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت و ژمارەیەک بەرپرسانی ئەمنی و نوێنەری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون.

 لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ،کە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیانکردە سەر ناوچە ناوچە کوردستانییەکان، لە پردێ شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان رووید، بەهۆیەوە پردی رێگەی سەرەکی هەولێر - کەرکووک داخرا.

Source - Rudaw


.





ڤیدیۆ... ده‌رباره‌ی شارۆچكه‌ی ته‌ق ته‌ق