پۆلیسى هەولێر: بکوژى بەڕێوەبەرى کارەباى ئاشتى دەستگیرکرا
وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ڕایگەیاند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە
کوشتنى بەڕێوەبەرى کارەباى ئاشتى و بریندارکردنى خێزان و دوو منداڵەکەى بە ڕووداوى
ئۆتۆمبێل.
هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر
ڕایگەیاند، دواى ئەوەى لە بەروارى ٢٧ى ٧ى ٢٠١٨ تۆمەتبارێک بە ناوى (ت. ح. ت)
لەدایکبووى ١٩٦٥ لە ڕووداوێکى هاتوچۆدا لە شارۆچکەى تەق تەق بە ئۆتۆمبێلەکەى کە لە
جۆرى پیکاب بووە، بەڕێوەبەرى کارەباى ئاشتى کە ناوى عاسى یونس حامیدە لەگەڵ
خێزانەکەى دەشێلێت و لە ئەنجامدا بەڕێوەبەری کارەبای ئاشتی گیان لەدەستدەدات و
خێزانەکەى و دوو منداڵیشى برینداردەبن.
وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ئاماژەى
بەوەش کرد، تاوانبارى ڕووداوەکە هەڵهاتووە و دواى ئاگادارکردنەوەى پۆلیسى هەولێر
توانیویانە دەستگیری بکەن، لە ئێستاشدا ڕادەستى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى بەشى قەزاى
کۆیە کراوە و بەپێی مادەى ٢٤ى هاتوچۆ پەڕاوى لێکۆڵینەوەى بۆ کراوەتەوە.

