مـاڵـپـه‌ڕی تـەق تـەق: ئاوی بەنداوی دوکان بە بڕێکی زیاتر بەردرایەوە
          هه‌میشه‌ زانیاری و هه‌واڵی زیاتر ..                

ئاوی بەنداوی دوکان بە بڕێکی زیاتر بەردرایەوە


بەڕێوەبەرى بەنداوى دوکان ڕایگەیاند، ئاوی بەنداوی دوکان بە بڕێکی زیاتر بەردراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت مەترێک ئاستی ئاوی زێی بچوک بەرزبێتەوە.


حەمە تاهیر مەولود بەڕێوەبەرى بەنداوى دوکان ڕایگەیاند، لەماوەى ڕابردوودا ڕۆژانە تەنیا ٢٦٠ مەتر سێجا ئاو بەردەدرایەوە لە چرکەیەکدا، بەڵام لەئێستادا ٣٥٠ مەتر بەردەدرێتەوە و ئەمەش بەهۆى زیادبوونى ئاستی ئاوی بەنداوەکەوەیە.


هاوکات بەرپرسانی ئیداری سنورەکەش هۆشدارییان داوەتە، شوێنە گەشتیارییەکان و کارگەکانی چەو و لم و گوندەکانی نزیک زێی بچوک بۆ ئەوەی کەلوپەلەکانیان لە نزیک ڕووبارەکە دووربخەنەوە، بۆ ئەوەی زیانیان بەرنەکەوێت.


هاوکات پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کۆیە ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتژمێر حەوتی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئاوی بەنداوی دوکان بەردراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت نزیکەی مەترێک ئاستی ئاوی زێی بچوک بەرزببێتەوە و بگاتە ئاستێک کە لە ساڵی ١٩٨٨ دا تۆمارکراوە.


لە لایەکی دیکەوە، فەرهاد مەولود، سەرۆکی شارەوانی تەق تەق بە دیجیتال میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، چاوەرێ دەکرێت دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاستی ئاوی زێی بچوک مەترێک بەرزبێتەوە و هیچ مەترسییەکی بۆ سەر هاوڵاتیان نابێت و بڕیارە تیمێکی ئەندازیاری لە هەولێرەوە سەردانی تەق تەق بکات.


ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە (٢٦ی ئازاری ٢٠١٩) شارەوانیی قەزای دوکان  هۆشداری دایە هاوڵاتییان و خاوەنی چێشتخانە و ڤێلا و خانوو و کەپر و باخ و سەرجەم پرۆژە گەشتیاری و بازرگانییەکانی سنوری شارەوانییەکە، كە دەكەونە سەر زێی بچووك. بەهۆی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان و بەردەوامیی وەرزی بارانبارین، چاوەڕواندەکرێت بەنداوەکە زووتر پڕ ببێت و، بڕی دەرچوونی ئاوی بەنداوەکە لە دەستی ئەوان نەمێنێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت.













Source - NRT

.





ڤیدیۆ... ده‌رباره‌ی شارۆچكه‌ی ته‌ق ته‌ق